دابینکردنی ئاوی پاک و بەردەوام بۆ خێزانە ئاوارەکان لە سلێمانی

© UNICEF/Iraq/2016/Nilesبۆرییەک لەژێر کارکردندایە لە کامپی ئاشتی

“.کوالیتی ئاوەکە زۆر باشە. ئێمە ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک نابینەوە کە نەتوانین چارەسەری بکەین”

سەما لە کامپی قوڕەتوو بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان دەژی لە پارێزگای سلێمانی، کە تەنها ٢٥ کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە. ئەو یەکێکە لەو چەند خۆبەخشەی کە ڕۆژانە لە کامپەکەدا کاردەکەن تاوەکو لە تەندرووستی خێزانەکان دڵنیابن، ئەویش بە کەمکردنەوەی مەترسیی ئەو نەخۆشییانەی کە بەهۆی ئاوەوە دەگوازرێنەوە

لە سەرەتای کردنەوەی کامپەکەوە نزیکەی ٥٠٠ خێزان کە لە دەست ململانێکانی ئەنبار ڕایانکردووە لێرە نیشتەجێبوون. ئێستا زۆربەی خێزانەکان ئاویان لە ڕێگەی تراکتۆری ئاوەوە دەست دەکەوێت، بەڵام بەهۆی یارمەتی حکومەتی ژاپۆنەوە، شوێن بۆ بۆری چاڵدەکرێت و تانکی ئاو دادەنرێت — کە ئەمەش چارەسەرێکی درێژخایەنترە. قوڕەتوو یەکێکە لەو ٣ کامپەی ناوچەکە کە یونیسێف تێیدا چاودێری دانانی ژێرخانی ئاستبەرزی ئاو دەکات- ئەمەش بە هاوکاری ژاپۆنیەکان

© UNICEF/Iraq/2016/Nilesساما، خۆبەخشێک لە کامپی قوڕەتوو

هەروەها خۆبەخشەکانی هاوشێوەی ساما، خێزانەکان فێر دەکەن کە چۆن خۆیان لە نەخۆشی بپارێزن بە خۆ پاک ڕاگرتن و پاکژبوون. دەستەیەکی خۆبەخش هەفتانە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ دوایین مەترسییەکان و باشترین رێکارەکانی چارەسەرکردنیان بکات — بەتایبەتی لە کامپێکی قەرەباڵخدا لە وڵاتێکدا کە بەدەست نەخۆشی کۆلێرا و تەنگژەی ئەمنییەوە دەناڵێنێت

کامپی ئاشتی دوو کاتژمێر لە باکوری قوڕەتووەوە بە ئۆتۆمبێل دوورە. ئەم کامپە دەبێت بە گەورەترین کامپ بۆ ئاوارەکان لە عێراقدا. ئێستا نزیکەی ٧٠٠٠ ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە، بەڵام کە تەواوبوو دەبێتە ماڵی نزیکەی ١٧ هەزار کەس

کە بۆرییەکان تەواوبوون و کامپەکە پڕبوو لە خەڵک، خێزانەکان ئاوی پاکی بە خوڕیان بۆ دەچێت و خۆبەخشی وەک ساماش بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونی ئەوەی کە خێزانەکان لە نەخۆشی بپارێزرێن

ـ”کە دەستم بەکارکرد، زۆربەی خێزانەکان زانیاری تەواویان نەبوو لەسەر چۆنێتی ڕاگرتنی پاکوخاوێنی لەم ژینگە نوێیەی کامپدا، بەڵام ئێستا خەڵک ڕەفتاری خۆیان گۆڕیوە“.ئەو دەڵێت. ”ساڵی پێشوو، کەیسی تووشبوون بە کۆلێرا لە کامپەکەدا بەدینەکرا و هەروەها چەند کەیسێکی کەمی نەخۆشی بەهۆی ئاوەوە بەدیکرا.“ـ

سوپاس بۆ کارەکانی ساما و کەسانی وەک ئەو، پێیدەچێت بارودۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە


نوسینی کریس نایلز، ڕاوێژکار لەگەڵ یونیسێف لە عێراق

وەرگێڕانی الاء عبداللە، ڕاوێژکار لەگەڵ یونیسێف لە عێراق

بۆ یارمەتیدانی یونیسێف کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە:ـ http://support.unicef.org/campaign/donate-children-iraq