عێراق هەنگاوی گرنگ دەنێت بۆ خوێندکارانی خوێندنگا

خوێندنگایەکی هاوڕێی منداڵ کە لە لایەن یونیسێفەوە پشتگیری لێ دەکرێت لە عەمارە، میسان © UNICEF/Iraq/2015/Anmar

خەولە دەڵێت ”من دوو جار لێدانم خواردووە لە قوتابخانە. یەکەمجار لە پۆلی یەک بووم و لێمدرا چونکە ئەرکی ماڵەوەم جێبەجێ نەکردبوو. دووەم جار مامۆستاکەم زۆر خراپ لێی دام، بە جۆرێک کە پێویستیکرد بۆ یەک هەفتە لە ماڵەوە بمێنمەوە“ـ

عێراق هەنگاوێکی گرنگی ناوە بەرەو نەهێشتنی تووندووتیژیی جەستەیی لە قوتابخانەکاندا- وەک ئەوەی بەسەر خەولەدا هاتبوو. لە دوو کۆنفرانسدا کە لە کانونی یەکەمدا بەستران، لەئاستی فیدراڵ لە بەغداد و لە ئاستی هەرێمدا لە هەولێر، کاربەدەستانی وەزارەتی پەروەردە، رێکەوتنێکیان لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف واژووکرد بۆ نەهێشتنی سزای جەستەیی لە ٢١١٦٠ خوێندنگای سەرەتایی و بنەڕەتیدا لە عێراق بۆ ٧ ساڵی داهاتوو

لە لای چەپدا: جێگری وەزیری پەروەردە، بەڕێز عەواز صالح محمد و نێردراوی یونیسێف، بەڕێز پیتەر هاوکینز ڕێکەوتنێک واژوو دەکەن بۆ نەهێشتنی تووندووتیژی لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا. لە لای ڕاستدا: وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، دکتۆر پشتیوان صادق، و بەڕێوەبەری ئۆفیسی یونیسێف لە هەولێر، مەولد وەرفا، رێکەوتنێک واژوو دەکەن بۆ نەهێشتنی تووندووتیژی لە خوێندنگا سەرەتاییەکانی هەرێمی کوردستان

کۆنفرانسەکە چەند ڕێگایەکی ئاشکراکرد بۆ گەیاندنی پەیام و سوودەکانی ناتوندوتیژی بە مامۆستایان و خوێندکاران و خێزانەکان

هەرچەندە بەکارهێنانی سزای جەستەیی لە خوێندنگاکاندا، لە سەر ئاستی جیهانی قەدەغەکراوە، بەڵام هێشتا عێراق یەکێکە لەو چەندین وڵاتەی کە تووندووتیژییان تێدا بەردەوامە. ئێستا، بۆ یەکەمجار، توێژینەوەیەک ئەوەی دەرخستووە کە تووندووتیژیی جەستەیی پەیوەندیی راستەوخۆی بە خراپیی ئاستی ئەکادیمییەوە هەیە

خوێندنگایەکی هاوڕێی منداڵ لە تەقتەق، هەولێر UNICEF/Iraq/2015/Anmar

ئەم ڕیپۆرتە کە لەلایەن ئۆفیسی توێژینەوەی ئینوسێنتی یونیسێفەوە جێبەجێ کراوە، ئەوە نیشان دەدات کە سزای جەستەیی منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵان پەیوەندیی راستەوخۆی هەیە بە کەمبوونی نمرەی بیرکاری، ئەمەش بە بەراوردکردنی نمرەی ئەو منداڵانەی کە لێیان دراوە لەگەڵ ئەوانەی کە لێیان نەدراوە

دەستپێشخەریی یونیسێف لە قوتابخانەکانی هاوڕێی منداڵ، کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پشتگیریی دەکرێت، بیرۆکەیەک بۆ وەرچەرخانی دۆخی خوێندنگاکان بۆ ژینگەی ئارام دەخاتەڕوو، بۆ ئەوەی منداڵان لە ژینگەیەکی گشتگیردا پێبگەن و فێربن

خوێندنگایەکی هاوڕێی منداڵ لە بەغداد UNICEF/Iraq/2015/Khuzaie

خەولە، ئەو کچەی کە چیرۆکەکەی خۆی لە وۆرکشۆپەکەدا باسکرد، ئێستا لە خوێندنگایەک دەخوێنێت کە توندوتیژی جەستەیی تێدا نییە، ئەو دەڵێت کە ئاستی ئەو ژینگەیەی تێیدا فێردەبێت، زۆر بەرەوپێش چووە. ـ”نێوان مامۆستا و قوتابی زۆر دۆستانەیە. من زۆرم حەز لە خوێندنە و دەمەوێت ببم بە دکتۆر یان ئەفسەری پۆلیس.“ـ


نوسینی کریس نایلز، ڕاوێژکار لەگەڵ یونیسێف لە عێراق

وەرگێڕانی الاء عبداللە، ڕاوێژکار لەگەڵ یونیسێف لە عێراق

بۆ یارمەتیدانی یونیسێف کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە:ـ Iraq:http://support.unicef.org/campaign/donate-children-iraq